سودانی و پزیشکیان دوایین دۆخی سوریا تاوتوێ دەکەن و جەختیش دەکەنەوە لەوەی هاوئاهەنگی بکەن بۆ ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان لە غەزە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی کانوونی یەکەم مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی جەختی لە هەماهەنگی کاری زیاتر کردەوە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە.
هاوکات پزیشکیان جەختیکردەوە لەسەر گرنگی درێژەدان و هەماهەنگی هەوڵەکان لە نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و کارکردن بۆ پێشگرتن لە تێکچوونی بارودۆخی سووریا بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گرژییەکانی ناو سووریا و پێشڕەوی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبۆوە، هاوکات عێڕاقیش لای خۆیەوە سنوورەکانی توند تر کردووە بۆ هەر ئەگەرێک کە ڕووبەڕووی ببێتەوە.