بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق لە توركیا بە چەقۆ بریندار كراوە.
پێگەی جمهوریەتی توركیا بڵاوی كردووەتەوە "لە كۆتایی مانگی ڕابردوو سەباح عومەر، سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق لە شاری ئیستانبوڵ، بە چەقۆ هێرشی كراوەتە سەر و بریندار كراوە."
ئاماژەی بەوەش داوە "سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق، لە چێشتخانەیەكدا نانی خواردووە، ناسنامەی دیپلۆماسی خۆی بەكار هێناوە و پارەی نەداوە، كارمەندێكی چێشتخانەكە دوای دوو ڕۆژ دوای كەوتووە و بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەری و برینداری كردووە."
سەباح عومەر، سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق، سكالای لەسەر هێرشبەرەكە لای پۆلیسی توركیا تۆمار كردووە و ئێستە دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
بەپێی هەواڵەكە "ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمار و بەرپرسانی عێراقەوە، هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە و بێدەنگن لێی."