هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستپێشخەرییەکی عێراقی بۆ بانگهێشتکردنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پەیوەندیدار، سەبارەت بە دۆخی سوریا بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغداد ڕاگەیاند.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامداوە، کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتە ئەمنییەکان لە سوریا و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق".
هاوپەیمانی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی حکومەت دەربڕی کە لە سەرەتای قەیرانەکانەوە ئەنجامیانداوە و داوای کرد بەغدا ببێتە بارەگایەک بۆ گفتوگۆ بەردەوامەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئامادەبووان هەموو عێراقییەکانیان دڵنیا کردەوە کە ئامادەکارییەکان بەسە بۆ ڕێگریکردن لە هەر مەترسییەک بۆ سەر عێراق، جەختیان لەسەر گرنگی یەکخستنی گوتاری نیشتمانی و هەوڵدانی زیاتر بەرەو کرانەوە بەڕووی هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانەکە و گرتنەبەری هەنگاو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی سوریا خاک لە لایەک و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە لایەکی ترەوە ئەمەش لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا".
هەروەها ئامادەبووان دەستپێشخەرییەکی عێراقیان بۆ بانگهێشتکردنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانی سوریا بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغدا ڕاگەیاند.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای ئاگادار کردەوە کە عێراق لە تەنیشت خۆیەوە ناوەستێت و سەیری کاردانەوە مەترسیدارەکانی سوریا ناکات، بەتایبەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی پێکهاتەکان و مەزهەبەکانی ئەوێ.
هەروەها سەرۆکایەتی تورکیا بەیاننامەیەکی سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئەردۆغان دڵنیایی بە سودانی داوە کە ئەولەویەتی تورکیا پاراستنی ئارامییە لە سەرانسەری سنوورەکانی و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی".