ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی تایبەت سەبارەت بە دۆخی عێراق و پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، شەوی ڕابردوو لە تۆڕی (ئێکس) ڕایگەیاند" کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی بەغداد ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق و دوا پێشهاتەکان لەو وڵاتە دەکات".
بڕیارە لە دانیشتنەکەدا، محەمەد حەسان نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەوە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، محەمەد حەسەنی لە عومانەوە وەک نوێنەری تایبەتی نوێی خۆی لە عێراق و سەرۆکی نوێنەری هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) دەستنیشانکرد کە جێگرەوەی جینین پلاسخارت بوو.