سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازییکرد لە، وەزیری دەرەوەی ئێران و وتی" عێراق بەردەوامە لە هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکانی سوریا".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ عەباس عێراقچی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێکرد، پێشهاتەکانی رووداوەکانی ناوچەکە باس کران، بە تایبەت ئەوانەی لە گۆڕپانی سوریادا روودەدەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەڵوێستی رەسمی و یەکگرتووی عێراق لەگەڵ یەکگرتوویی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریادایە، جەختیشیکردەوە رێزگرتن لە سەروەری خاکەکانی سووریا بابەتێکی گرنگە بۆ عێراق.
لای خۆشیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغداوە رایگەیاند" تاوەکو ئەو شوێنەی داوامان لێ بکرێت، ئێمە بەتەواوی ئامادەین بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە خەڵک و سوپای سووریا بکەین".
هەروەها وتی، "لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هاوڕا بووین لەوەی کە دەبێت راوێژی زیاترمان لەسەر پرسی سووریا هەبێت".