حکومەتی عێراق: دەستوەردانی سەربازی لە سوریادا ناکات


حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت کە دەستوەردانی سەربازی لە سوریا ناکات.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمشەو ٦ ی کانوونی یەکەم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:

- ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت ئاڵۆزە و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەر عێراق هەیە.
- کردەوەی سیاسی و دیپلۆماسی و مرۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکان بەهێزتر دەکەین.
- دابەشبوونی سوریا هێڵی سوورە بۆ عێراق.
- دەبێت ڕێوشوێنی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکانی سوریا بگیرێتەبەر.

لە رووی دۆخی ئابوریشەوە،  وتەبێژی حکومەت باسم ئەلعەوادی" ئێمە بەرکەوتەی قەیرانی دارایی و سیاسی نەبووین و ئەگەر ڕووداوەکانی غەززە نەبوایە، دۆخەکەمان باشتر دەبوو".

هەروەها دەشڵێت " عێراق توانی ئەو تەحەدایانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەوە تێپەڕێنێت".

ئەم لێدوانانەی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و عێراق و ئێران بەڕێوەچوو، لەدوای کۆبوونەوەکە فواد حسێن بە میدیاکانی راگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی فراوانتر لەگەڵ چەند وڵاتی تردا لە بەغدا لەسەر پرسی سوریا سازدەکەین. 




PM:11:13:06/12/2024