وتەبێژی حكومەتی عێراق: دەستوەردانی سەربازیی لە سوریا ناكەین

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، دابەشكردنی سوریا بە هێڵی سور ناودەبات و دەشڵێت هەوڵی دەستوەردانی سەربازیی نادەن.

ناوبراو لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، عێراق لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی سوریایە و هەموو دەستبردنێك بۆ یەكێتیی سوریا، گەلی سوریا دووچاری ئازار و نەهامەتی زیاتر دەكات. وتیشی "دابەشكردنی سوریا بەلای عێراقەوە هێڵی سورە".

عەوادی، دەشڵێت هەموو ئەوەی لە سوریا روودەدات پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە، هەربۆیە عێراق بەوپەڕی هێزەوە كار دەكات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسیی هاوسەنگ.

عەوای دووپاتیكردەوە، عێراق لە بەرامبەر هەر مەترسییەك بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی وڵاتەكەی نەرمی نانوێنێت و هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی بێوچان دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی سوریا.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وتەبێژی حكومەتی عێراق دووپاتیكردەوە، وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك دەستوەردانی سەربازیی لە سوریادا ناكات.




PM:03:51:07/12/2024