کەشناسێک وادەی دەستپێکردنەوەی بارانبارینی بەخوڕ و بەفری ڕاگەیاند

کەشناسێکی دیاری عێراقی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو ڕاگەیاند و دەڵێت" شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و بەفر ڕوو لە وڵات دەکات". 

عەلی جابر شارەزای بواری کەشوهەوای عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی سەرمای توند ڕوو لە وڵات دەکات". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئەو شەپۆلە کاریگەری زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە سەرجەم پارێزگاکان پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن کە له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری وڵات پلەکانی گەرما دەگەنە (١٣ بۆ ١٦) پله‌. 

عەلی جابری ئاماژە بەوەشدەکات، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما دەگەنە سفری پلەی سیلیزی و لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بەفر و بەستەڵەک هەیە.

ئەو کەشناسە دیارەی عێراق سەبارەت بە کەشوهەوای مانگی داهاتوو باس لەوەدەکات، لە مانگی داهاتوو و شوباتدا شەپۆلی بارانبارین زیاد دەکات و ئەگەر هەیە لە هەندێک ناوچە بارانی بەخوڕ ببارێت.

هەر ئەمڕۆ دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، لە ڕۆژانی داهاتوو کەشوهەوا سارد دەبێت و ئاسمان بەگشتی هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری هەورە بروسکە و بەفر لە ناوچەی باکوور، هەروەها پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکان دادەبەزن. 



AM:10:02:11/12/2024