لە تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند" رۆڵی هەسەدە بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرنگەو ئەوان لەو روەوە پشتیوانی لە هەسەدە دەكەن"، هاوکات پەکەکەش بە" تیرۆر و مەترسی " ناوزەد دەکات.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و پێشتریش ئوردون لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی" پێویستە حکومەتی راگوزەری سووریا "تائیفی نەبێت و هەمووان بەشداربن" و مافەكانی مرۆڤ و مافی ژنان و پێكهاتە ئایینی و ئەتنییەكان بپارێزێت و نەشبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها وتیشی"داعش بۆ گەڕانەوە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت و ئەمریکا لە رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش بەردەوام دەبێت و رۆڵی هەسەدە گرنگە."
لە بارەی تورکیاوە وتی " توركیا بەرژەوەندی رون و واقیعی هەن بەتایبەت كاتێك بابەتەكە پەیوەست دەبێت بە پەكەكە و تیرۆرەوە كە هەڕەشەیەكی بەردەوامن بۆ توركیا".
جەختیشی کردەوە کە دەبێت سوریا بەدور بێت لە هەر پڕیشكێكی دیكەی شەڕ لە كاتی قۆناغی راگوزرەداو وەك بەشێك لەمەش پێویستە دڵنیابین كە داعش جارێكی تر سەرهەڵناداتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئەم دڵنیاییەن كە ئێمە پشتیوانیان دەكەین."
هەروەها وتیشی"هەسەدە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی گێڕاوە بۆ كۆنترۆڵكردنی داعش، هەروەها رۆڵێكی یەكلاكەرەوەشیان هەبوە لە پاراستنی زیندانەكان كە هەزاران چەكداری بیانی داعش ماوەی چەند ساڵێك لای ئەوان زیندانین و توانیویانە بەدوریان بگرن لە گۆڕەپانی شەڕ و هەروەها رێگە نەدەن جارێكی تر پەیوەندی بە داعشەوە بكەنەوە كە ئەمەش بابەتێكی زۆر گرنگە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جارێکی تر پەکەکەی بە " تیرۆر " ناوزەد کردەوە.