لە ئەنبار شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو هێزی ئەمنی ڕوویدا

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو هێزی ئەمنی ڕوویدا کە یەکێکیان ڕەتیکردەوە بڕیارێکی سەربازی جێبەجێبکات". 

ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی شەفەقی ڕاگەیاندووە" لەلایەن بنکەی پۆلیسی کەرمەوە ئاگادارکراینەوە کە شەڕ و تەقە لەناو فەوجی نوێنەرایەتییە تایبەتەکانی لیوای شەشی بەغداد ڕوویداوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆكاری ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یەكێك لە هێزەكان ناڕازیبوون بە گواستنەوەیان لەو پارێزگایەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی ناوخۆوە کرایەوە. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ڕووداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" عەبدولئەمیر شەمەری ڕێنمایی کردووە کە ڕێوشوێنی ڕێگریکردن و پتەوی یاسایی بگیرێتەبەر و دەستەی لێکۆڵینەوە لە دژی ژمارەیەک توخمە سووکایەتیپێکەرەکان لە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە فەوجی شەشەم پێکبهێنرێت، لیوای ئەرکە تایبەتەکان، پۆلیسی فیدراڵی لە پارێزگای ئەنبار کە بەردەوام بوون لە وروژاندنی ئاژاوە و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا پەیوەندیدارەکان بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەیان بەهۆی پێشێلکردنی ڕێنماییە کارپێکراوەکان". 



PM:05:00:13/12/2024