ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە كە پێشتر بە سەردانێكی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغداد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتیکردەوە، سودانی و بلینکن تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەشیان کردووە، هەروەها باسیان لە دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی ئێستای سووریا و ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەی کە پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش لە سوریا و سەقامگیرکردنی تەواوی ناوچەکە.
سودانی ڕاشیگەیاند" پاڵپشتیکردنی سوریا لەم قۆناغە گرنگەدا، هەروەها گرنگی وڵاتانی دۆست هاوکاریکردنی سوریاییەکان لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتەکەیان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانەی کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر ئاشتی مەدەنی لەوێ هەبێت".
جەختیشی لەسەر پێویستی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە ئیدارەی وڵاتەکەدا بۆ دڵنیابوون لە بەهێزبوونی سەقامگیری وڵاتەکەی کردەوە، هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە عێراق چاوەڕێی کردار دەکات نەک قسە، لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی ئینتقالی لە سوریا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پێویستی ڕێگەنەدان بە هێرشکردنە سەر خاکی سوریا، لەلایەن هیچ لایەنێکەوە کردەوە، چونکە ئەمە نوێنەرایەتی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی" ڕێککەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغدا لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سوریا، و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هەمەلایەنە کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا بێت و هەمەجۆری پێکهاتەکانی".
بلینکن ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی عێراق کرد، و جەختی لەوەکردەوە کە نوێنەرایەتی هاوبەشێکی جەوهەری دەکات لە ناوچەکەدا، هاوکات گرنگی ڕاوێژکردن لەگەڵیدا لە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکەدا کە ڕوودەدەن، هەروەها ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەندن بە ئاسایش و سەروەری و سەقامگیری عێراق.