وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تەواوکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی کاری مەیدانی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبوون لە وڵاتدا کە نزیکەی ٢٠ ڕۆژی خایاند بە "سەرکەوتووانە" ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا، بڵاویکردەوە" سەرجەم چالاکییەکان و قۆناغەکانی سەرژمێرییەکە شاهیدی سەرکەوتنی گەورە بوون، بەو پێیەی بە تەواوی بەشێوەی ئەلیکترۆنی جێبەجێکراون، ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکە بە قۆناغی ژمارەدان دەستیپێکردووە، دواتر قۆناغی ژماردنی دانیشتووان لە ماوەی ٢٠ تا ٢٢ی تشرینی دووەم، پاشان قۆناغی کۆتایی کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانی دانیشتووان لەخۆگرتبوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرژمێرییەکە سەرجەم پارێزگارەکانی عێراقی گرتەوە، بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، جگە لە ناوچە دوورەدەستەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سەرژمێرییەکە پاڵپشتی و دانپێدانانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقی وەرگرتووە، کە ئاستی پیشەییبوون و پابەندبوونیان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا بەرز نرخاندووە.
وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە کە حکومەت سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان بۆ یەکەمجار بەشێوەی ئەلیکترۆنی، ئەوەش دوای ٣٧ ساڵ لە دوایین سەرژمێری گشتگیر لە عێراق.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەنجامە بنەڕەتییەکانی سەرژمێری مانگی شوباتی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت، دوای تەواوبوونی پرۆسەکانی پۆلێنکردن و خشتەکردن و کۆدکردن، هەروەها ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ورد کە باس لە داتای گشتگیر دەکات لەسەر تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتییەکانی دانیشتووان".
رۆژی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو کە بەهۆیەوە قەدەغەی هاتووچۆ لە تەواوی پارێزگا و شاروشارۆچکەکان ڕاگەیەندرا.