عێراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا پێش سعودییە کەوتووە

ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" عێراق لە ڕووی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا پێش سعودیە کەوتووە". 

ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ٩ وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە ٦ ملیۆن و ١٤٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو ٢٠٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە و دەکاتە ٥ ملیۆن و ٩٤١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەفتەی ڕابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە ٢٠٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەراورد بە هەفتەی پێشوو ٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە کە ٢١٣ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بەڵام پێش سعودییە کەوتووە کە تەنها ٨١ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى ناردووەتە ئەمریکا.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی داهاتی نەوتی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بە تێکڕا ٤.٣٣٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هاتووە، لە دوای ئەویش مەکسیک بە تێکڕا ٥٢٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش ڤەنزوێلا دێت بە تێکڕا ٥٢١ هەزار بەرمیل بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و لە بەڕازیلەوە بە تێکڕا ١٧٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 



PM:06:48:22/12/2024