وەفدێکی عێراق بۆ دیدار لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتە دیمەشق

ئەمڕۆ پێنج شەممە شاندێکی باڵای دەزگای هەواڵگری عێراق گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆ دیدار لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" شاندەکە بە سەرۆکایەتی حەمید شەتاری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق گەیشتوونەتە کۆشکی گەل لە دیمەشق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، بڕیارە شاندەکەی عێراق چاویان بە ئەحمەد شەرع بکەوێت و دۆخی ناوخۆی سوریا و لایەنی ئەمنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکەن. 

پاش ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد ئەمە یەکەم سەردانی وەفدی عێراقە بۆ وڵاتی سوریا.

ڕۆژی شەممەی ڕابردووش محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دووپاتیکردەوە، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سوریا، بەمەبەستی وەرگرتنی بڕیاری پێویست سەبارەت بە پێشهاتەکانی.



PM:02:26:26/12/2024