وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا کۆبوونەوە

وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا جەختیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرور و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات کردەوە
 
 باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردوە، ئەمڕۆ هەردوو لە وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا پێکەوە کۆبوونەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووشە، " عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ و شاندێکی یاوەری کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراوانیان لەگەڵ یەرلی کایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشنی ئەمنیی واژۆکراوی نێوان هەردوولا و کاری لیژنە هاوبەشە جێبەجێکارەکان کرا".
 
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕکردنی داواکراوان، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، تاوانی رێکخراو و بەقاچاخبردن لە سنوورەکان کراوە".
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە وەزایرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا جەختیان لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆی هەردوو وڵات و ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاری کراوە، لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات.
 
نیسانی ئەم ساڵ، تورکیا و عێراق ٢٦ رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە چەندین بواری جیاوازدا واژۆکرد.



PM:10:43:26/12/2024