"ڕژێمی ئەسەد داوای لە عێراق نەکردووە بەشداری لە ئاڵۆزییەکانی سووریا بکات"

سەرۆک وەزیرانی عێراق داواکەی ڕژێمی پێشووی سوریای بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد ڕەتکردەوە و دەڵێت" ڕژێمی ئەسەد داوای لە عێراق نەکردووە بەشداری لە ئاڵۆزییەکانی سووریا بکات". 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند" ئێمە ڕێز لە ئیرادەی سورییەکان دەگرین و چاوەڕوانی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیرین". 

دەشڵێت" ئێمە ئیدارەی سوریامان لە دیدگاکەمان لە سوریا ئاگادارکردەوە سەبارەت بە دۆخی ئێستای، ئێمە حەز دەکەین لەگەڵ سوریا هەماهەنگی بکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان". 

سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریدا و وتی" هەر کەموکوڕییەک لە زیندانەکانی سوریا پاڵمان پێدەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر". 

سودانی وتیشی" دەستوەردان لە کاروباری سوریا ناکەین، هەروەها بەشێکیش نابین لە دەستکاریکردنی ئاسایشی سوریا". 

جەختیشیکردەوە کە" رێگە نادەین چەک و گروپە چەکدارەکان لە سوریاوە بچنە ناو عێراقەوە". 

لە درێژەی قسەکانیدا سودانی دەڵێت" رژێمی ئەسەد داوای لە عێراق نەکردووە دەستوەردانی سەربازی بکات". 

سودانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە" حکومەت و هێزە سیاسییەکان ڕێککەوتوون کە دەستوەردان لە سوریا نەکەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، ڕێکخراوی داعش دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە چەکەکانی سوپای سوریادا گرتووە. 

لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنج شەممە شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی حەمید شەتاری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق گەیشتنە کۆشکی گەل لە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جولانی لەسەر دۆخی ناوخۆی سوریا و لایەنی ئەمنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەوە. 



PM:12:34:27/12/2024