محەمەد حەلبوسی سکاڵای دژی خەمیس خەنجەر و ڕاکان جبووری تۆمارکرد

محەمەد حەلبوسی سکاڵای دژی خەمیس خەنجەر و ڕاکان جبووری تۆمارکرد، هۆکارەکەشی بۆ ئەو هێرشانە دەگەڕێتەوە کە بە هۆی پشتیوانی کردنی لە پاریزگاری کەرکوک کراوەتە سەری

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی تەقەدومی سوننە مەزهەب سکاڵای یاسایی دژی خەمیس خەنجەر سەرۆکی حزبی سیادە و ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک و خالید مەفرەجی سەرۆکی لقی کەرکوکی حزبی سیادە تۆمار کرد.
سکاڵاکەی حەلبوسی دوای  ئەوە دێت، کە ڕوو بەڕووی هێرشێکی توندی میدیایی بووەوە لەلایەن ئەو سێ سەرکردەیەی عەرەبی سونەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو حەلبوسی لەبەغدا پێشوازی لە ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئیدارەی کەرکوک ڕاگەیاند و پیرۆزبایی لە پێکهێنانی ئیدارەکە کرد. لە بەرامبەردا بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەبی سوننە لە حزبی سیادە کە بەشداری پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوکیان نەکردووە هێرشی توندیان کردە سەر حەلبوسی.

هەر لەو پەیوەندییەشدا حەلبوسی پێشتریش سکالایەکی دژی هۆشیار زێباری تۆمار کردبوو هۆکارەکەشی بۆ نووسراوێکی زێباری دەگەڕێتەوە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاویکردبووەوە و تێیدا حەلبوسی تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر عێراق 




PM:09:27:28/12/2024