وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ٢ هەزار و ١٠٣ ئەفسەر بەهۆی گەندەڵییەوە لە کارەکانیان دەرکراون". دەشڵێت" بە توندی سزای ئەو كەسانە دەدەین كە لە كاتی ئاهەنگەكانی سەری ساڵدا تەقە دەكەن".
میقداد میری وتەبێژی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە سەبارەت بە ئامار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێكی پڕ بوو لە ئاسایش، لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵیشدا ڕێگری لە تەقەكردن دەكەین و لێپرسینەوەیەكی توند لە تەقەكەرەكان دەكەین".
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هێڵی فریاگوزاری بە ژمارە ٩١١ كارا دەبێت بۆ خزمەتی هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشكرد، گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆریدا كراوە بۆ كڕینی دوو فڕۆكەی ئاگركوژێنەوە، هەروەها نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ هێزەكانی ناوخۆ دادەمەزرێت.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا وتی" نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دادەمەزرێت".
وتیشی" بۆ یەکەمجار وەزارەتی ناوخۆ توانا ئەلیکترۆنیەکانی بەهێزکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زەوتکردنی ئەلیکترۆنی، هەروەها کەمبوونەوەی تاوانەکانی بەڕێژەی لەسەدا ١٨ تۆمارکردووە، هەروەها کەمبوونەوەی تاوانەکانی ڕفاندن و دزیکردن بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ تۆمارکردووە".
دەشڵێت" تاوانەکانی ڕفاندن و دزیکردن بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ کەمبوونەتەوە، تاوانە تیرۆریستییەکانیش بەڕێژەی لەسەدا ٨٢ کەمبوونەتەوە".
وتیشی" ١٤ هەزار و ٧٩٧ دۆسیەی گەندەڵی لە نێو ئەفسەرانی وهزارهتى ناوخۆ هەبووە، ٢ هەزار و ١٠٣ ئەفسەریش بەهۆی گەندەڵییەوە لە کارەکانیان دەرکراون".