دارایی عێراق: پارە پێویستمان لەبەردەستدایە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا سەرجەم ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە نەبوونی پارەی نەختینە دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە "ئەو هەواڵانەی کە لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەبارەی نەبوونی پارەی نەختینە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەتەواوەتی ناراستن".

وەزارەتی دارایی عێراق جەختیش دەکاتەوە لە پابەندبوونی بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و دەڵێت" فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەت هەستاوە بە پارەدارکردنی مووچەی سەرجەمی وەزارەت و فەرمانگەکان بۆ مانگی کانوونی یەکەم بەگوێرەی ئەو خشتەیەی بۆیان دانراوە".

دەشڵێت "هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ گرەنتیکردنی بەردەوامبوونی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن"




PM:10:34:29/12/2024