"سودانی بەم نزیکانە سەردانی تاران دەکات"

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

ماڵپەڕی (بەغداد ئەمڕۆ)، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات و پێدەچێت ئەم سەردانە لە نیوەی یەکەمی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا ئەنجامبدرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکەی سودانی و شاندی وەزاری یاوەری، تیشک دەخاتە سەر دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی لە سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد. 

دوایین سەفەری سودانی بۆ تاران لە ٢٢ی مانگی پێنجی ئەمساڵدا بوو، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران بوو کە لە ١٩ی هەمان مانگدا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران گیانی لەدەستدا.

هەروەها ڕۆژی ١١ی ئەیلولی ئەمساڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە سەردانێکی سێ ڕۆژەدا سەردانی عێراقی کرد و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد کۆبووەوە، دوای ئەوە بەرەو هەولێر و سلێمانی و پاشان نەجەف و کەربەلا ڕۆیشت و سەردانەکەی لە پارێزگای بەسرەوە کۆتایی پێهێنا. 



PM:01:34:30/12/2024