سودانی و مالیکی لەبارەی دۆخی سوریا و چەند پرسێکی دیکە کۆبوونەوە

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەل سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا بەرنامەی حکومەتی عێراق و دۆخی سوریا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. 

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەل نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات و ئەو پێشکەوتنانەی کە حکومەت بەدەستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بەرنامەی حکومی خۆی، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی واقیعی ئابووری بە مەبەستی بەدەستهێنانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە تاوتوێکران. 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باس لە دیارترین تەحەددیاتی بەردەم عێراق کراوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن بەتایبەتی لە سوریا، هەروەها هەڵوێستی پتەوی عێراق بۆ پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلەکەی لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر کرایەوە". 

هەر بەپێی بەیاننامەکە، لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامی کردەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ وەستاندنی هێرشەکانی سەر غەززە و دامەزراندنی سەقامگیری لە لوبنان کرایەوە، ئەمە جگە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا. 



PM:04:21:30/12/2024