ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" عێراق لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا پێش سعودیە کەوتووە".
ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ٩ وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە ٥ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو ٧٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە و دەکاتە ٥ ملیۆن و ٨٤٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەفتەی ڕابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە ٢١٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەراورد بە هەفتەی پێشوو ١٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە کە ٢٢٩ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بەمشێوەیەش پێش سعودییە کەوتووە کە تەنها ٨٧ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى ناردووەتە ئەمریکا.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی داهاتی نەوتی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بە تێکڕا ٣.٧٣٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هاتووە، لە دوای ئەویش مەکسیک بە تێکڕا ٥٥١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش ڤەنزوێلا دێت بە تێکڕا ٣٥٣ هەزار بەرمیل بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و لە کۆڵۆمبیا بە تێکڕا ٢٨٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
باسی لەوەشکردووە، بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە بەرازیلەوە گەیشتووەتە ٢٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە لیبیا بە ١٨٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە نەیجیریاشەوە ٧١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.