لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی بوو، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پەسەندکردنی هەمواری یاسای باری کەسێتی کردەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" چوارچێوەی هەماهەنگی دوێنێ دووشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین پرسە ناوخۆییەکان و ناوچەیی و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشکەشکردنی پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد، هەروەها ستایشی ڕۆڵی گەورەی هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا".
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیکردەوە کە" گرنگی پەسەندکردنی ئەو یاسا گرنگانەی کە هاوڵاتییان چاوەڕوانییان کردووە، لەوانەش پەسەندکردنی یاسای باری كەسێتی".