سەرکۆماری ئێران، عێراقی بە ھاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگ بۆ وڵاتەکەی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند؛ لەئێستادا، پەیوەندییەکانی نێوانیان لە باشترین دۆخدایە.
مەسعود پزیشکیان سەرۆکۆماری ئێران،لە تاران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووە وە.
دوای کۆبوونەوەیان، سەرکۆماری ئێران و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
مەسعود پزیشکیان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وتی" لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسمان لەپێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە کرد و گفتوگۆکانمان زۆر باش بوو".
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا ھاریکارییە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئابووریی و بازرگانیی تاوتوێکردووە و وتی" جەختمان کردەوە لە سەر خێراکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لە دەروازەی سنووریی شەلامچە".
مەسعود پزیشکیان ڕاشیگەیاند" عێراق ھاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگە بۆ ئێران و لەئێستادا، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە باشترین دۆخدایە".
تیشکی خستە سەر ئەوەش کە ئێستا عێراق، بە قۆناغێکی باش لە سەقامگیریی و گەشەپێدان-دا، تێپەڕدەبێت”.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند" لەگەڵ عێراق، مەترسی ھاوبەشمان ھەیە لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا، بە ھاوبەشی ھەست بە مەترسی دووبارە سەرھەڵدانەوەی شانە نووستووە تیرۆریستییەکانیان دەكەین، پێویستە زیاتر لەگەڵ عێراق ھاوکاربین، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی تیرۆر".