سەرۆكایەتیەكانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆبوونەوە

سەرۆکایەتییەکانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری کۆبوونەوەیەکیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدا، لەوانە تاوتوێکردنی پرسی نەختینەیی و وەزارەتەکانی دارایی و پارێزگارەکان لە بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدان.. 

بەپێی راگەیەندراوێكی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار، دوێنێ لە كۆشكی بەغدا سەرۆكایەتییەكان كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا كە تیایدا د.لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆمار و د. مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فائق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەبوون، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٥ و پێویستی دابینكردنی پێداویستی لۆجستی و تەكنیكی بۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕووی داراییەوە پرسی نەختینەیی و پارەدارکردنی وەزارەت و قایمقامیەتەکان لە بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی گەشەپێدان تاوتوێکران، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی دامەزراوە و وەزارەتەکان کرایەوە و جەخت لەسەر ستانداردەکانی کۆنترۆڵکردن و وردبینیکردنی خەرجییەکان کرایەوە بۆ پاراستنی پارەی گشتی. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دواکەوتنی خستنەڕووی چەند پڕۆژە یاسای گرنگ کرا کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئامادەکرابوون بۆ دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەران کرایەوە، بۆ ئەوەی ڕەشنووسی دواکەوتووی یاساکان بخرێتە ناو خشتەی دانیشتنی ئەنجومەنەوە بەهۆی پەیوەندییان بە بەرژەوەندی و کاری هاوڵاتیانەوە". 

ئامادەبووان جەختیان لە" پێویستی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە بەدەستهێنان و تەواوکردنی بەشەکانی بەرنامەکەی کردەوە لە ڕێگەی باشترکردنی واقیعی خزمەتگوزاریەکان و باشترکردنی باری گوزەرانی هاوڵاتیان و پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق و هاندانی کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کە هاوکار بێت بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر". 



PM:03:50:09/01/2025