ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بۆنەی هەڵبژاردنی جۆزێف عەون وەک سەرۆکی نوێی لوبنان پیرۆزبایی لە گەلی لوبنان کرد و دەڵێت" هەنگاوێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" پیرۆزبایی لە لوبنانی برای خۆمان و گەل و حکومەتەکەی دەکەین، بەبۆنەی تەواوکردنی شایستە دەستوری نیشتمانی، و هەڵبژاردنی جۆزێف عەون وەک سەرۆکی کۆماری، هیوای سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ دەخوازین لە ئەرکە گەورەکانیدا".
سودانی دەشڵێت" ئەمە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دۆخی دامەزراوەکان کە نوێنەرانی گەلی برای لوبنان توانیان ئەنجامی بدەن و بەرپرسیارێتی مێژووی خۆیان هەڵبگرن".
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە لە عێراق هەمیشە لە هەموو سەختییەکاندا لەگەڵ لوبنان وەستاوین و تا ئێستاش بڕیارمانداوە پشتگیری لە خۆڕاگری لوبنانییەکان بکەین لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک یان هەڕەشەیەک کە ئاسایشی ئەم وڵاتە برایە تێکبدات".
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی لوبنان، دوای خولی دووەمی هەڵبژاردن، جۆزێف عەونی وەک سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژارد.