ئەمڕۆ شەممە بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی ڕەتیکردەوە، ئەو هەواڵەی کە لەبارەی نیازی حکومەتی عێراقەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکراونەتەوە.
عەباس موسەوی نوێنەری ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق لە ئێران کە یەکێکە لە بزوتنەوە دیارەکانی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی مێهری ئێرانی ڕاگەیاندووە" ئەو هەواڵەی کە باسی لە بوونی پلانی حکومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن نادروستە و هەواڵی بێ بنەمان و سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە".
جەختی لەوەکردەوە کە پەرلەمان و حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی داهاتوویان نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
موسەوی ڕاشیگەیاند" میدیاکانی دوژمنانی بەرەی مقاوەمە ئەو چەواشەکارییانەیان سەبارەت بە بوونی پلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بڵاویانکردۆتەوە کە ئەو دەنگۆیانە خزمەت بە پڕۆژەی ئەمەریکا دەکەن لە عێراق".
هەروەها عەباس موسەوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە ئەنقەست "دەنگۆی بڵاوکردۆتەوە" سەبارەت بە نیازی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
جەختی لەوەشکردەوە کە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و بەهێزکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی کردۆتەوە کە گەرەنتی سەروەری عێراق دەکەن".
جێگای سەرنجە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵێکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە بوونی "فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر عێراق"، بۆ ئەوەی ناچاری بکات بۆ چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، بوونی سەربازی ئەمریکای لە عێراق بە "نایاسایی" زانی و داوای کرد کە ڕووبەڕووی داگیرکاری ئەمریکا ببنەوە.
خامنەیی لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران، وتی" بەڵگە هەیە کە ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە عێراق دەدەن، پێویستە بە توندی ڕووبەڕووی ئەم داگیرکارییە ببێتەوە".
خامنەیی هەروەها باسی لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت بارودۆخی سووریا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی زلهێزە دەرەکییەکان لەو ڕووداوانەی کە لە سووریا ڕوویاندا، تەواو ڕوون بووە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق هیوای خواست کە ئەو وتووێژ و ڕێککەوتنە "ئەرێنییانەی" کە لە سەردانەکەیدا بۆ تاران بەدەستیان هێناوە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لە نێوان هەردوو وڵات زیاتر پتەوتر بکات.