ئەمڕۆ شەممە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وەزیری دارایی دڵنیایی داوە کە مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆران مسۆگەرکراوە".
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، لە میانی میوانداریکردنیدا لەناو لیژنەکەدا پشتڕاستیکردەوە کە مووچەی فەرمانبەران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ مسۆگەرە".
وتیشی" لیژنەی دارایی لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ باجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥".
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥، لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی مادەی ١٢ / دووەم / بڕگەی ج لە یاسای بودجەی گشتی پێشکەش دەکات.
ئەمڕ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ و دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران.