لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەڵامی لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەڵامی لێدوانەکانی ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە کە تیایدا داوای لە پەرلەمان کرد دەنگدان لەسەر بودجە خێراتر بکات.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (بەغداد ئەمڕۆی) ڕاگەیاندووە" لێدوانەکانی ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، بۆیە لێدوانەکەی ڕەتدەکرێتەوە و قبوڵ ناکرێت، ئێمە هەر دەستوەردانێک لە هەر دۆسیەیەکی ناوخۆی عێراق ڕەتدەکەینەوە". 

کازمی وتیشی" دەنگدانی پەرلەمان لەسەر یاسای بودجە یان هەموارکردنەوەی یاسا و یاساکانی دیکە بابەتێکی ناوخۆییە و لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی پەرلەماندایە کە زیاتر ئاگاداری بەرژەوەندی نیشتمانی عێراقین، و هەرچییەک بێت دەستوەردانی دەرەکی لە هەر یەکێک لە یاساکان ڕەتدەکرێتەوە و ئێمە قبوڵ ناکەین". 

لێدوانەکەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی بودجە خێراتر بکات. 



PM:04:22:16/01/2025