رایتس ۆوچ: عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤ رادەی جێبەجێكردنی لەسێدارەدانی نایاسایی چڕكردۆتەوە

هیومان رایتس ۆوچ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان ئاشکرایکردوە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا عێراق لەڕێگەی تێپەڕاندن یان هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسا توندانەی كە دەكریت ببنە مایەی سنورداركردنی ئازادییەكان لەگەڵ زیادكردنی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان،  گوشارەكانی بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ چڕكردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هیومان رایتس ۆوچ ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ کانوونی دوەم ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە،  رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا لە زاری سارە سەنبەر، توێژەری عێراق لە هیومان ڕایتس ۆوچ ڕایگەیاندوە"عێراق دەرفەتی دەركردنی ئەو یاسایانەی هەیە بۆ چاكسازیی ریشەیی كە دەكرێت ببنە مایەی بەهێزكردنی مافە بنەڕەتییەكان و یارمەتیدەر بن بۆ پاراستنی سەقامگیرییەكی رێژەیی لە وڵاتدا. بەڵام لەبری ئەوە، پێدەچێت دەسەڵاتداران سوربن لەسەر دەركردنی ئەو یاسایانەی كە عێراقییەكان بێبەش دەكەن لە ئازادی و هەروەها سوریشن لەسەر چڕكردنەوەی پڕۆسەكانی لەسێدارەدان و سەركوتكردنی دەنگە ناڕازییەكان."

هەروەها ڕێکخراوکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە هەوڵەكانی پەرلەمان كردوە بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری كەسێتی كە لە بری یاسا، رێگە بە دەسەڵاتدارانی ئایینی دەدات، سەرپەرشتی پرۆسەی هاوسەرگیریی و میرات بكەن، ئەوەش لەسەر حسابی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان.

رێكخراوەكە جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر ئەو هەموارە تێپەڕێنرێت، ئەوا كاریگەری كارەستاباری لەسەر مافەكانی ژنان و كچان دەبێت لەمیانی رێگەدان بە هاوسەرگیریی كچانی نۆ ساڵان و لاوازكردنی بنەمای یەكسانی و لابردنی ئەو پشتیوانییانەی كە بۆ ژنان هەن و پەیوەستن بە جیابونەوەو میراتەوە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە، دەسەڵاتدارانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بەشێوەیەكی فراوان، رادەی جێبەجێكردنی لەسێدارەدانە نایاساییەكانیان چڕكردۆتەوە، ئەوەش بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی پارێزەران یاخود كەسوكاری لەسێدارەدراوان، وێڕای بونی بانگەشەی جێی متمانە لەبارەی ئەشكەنجەدان و پێشێلكردنی مافی سزادراوان لە دەستڕاگەیشتن بە دادگاییكردنێكی عادیلانەدا.

هیومان رایتس ۆوچ جەختی كردۆتەوە كە پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق هەمواری یاسای باری كەسێتی رەتبكەنەوەو هەروەها یاسای دژایەتی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی هەڵبوەشێننەوەو جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكانیش رابگرن بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.




PM:10:53:16/01/2025