هاکان فیدان لەسەر چەند پرسێک سەردانی بەغداد دەکات

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک بە یاوەری شاندێکی باڵا سەردانی بەغداد بکات. 

گۆکۆ ئۆغڵو شرۆڤەکاری سیاسی دیاری تورکیا، لەبارەی سەردانەکەی فیدان بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە" پێویستی بە هەماهەنگی هەواڵگری لە نێوان عێراق و تورکیا هەیە، بۆیە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەماهەنگی هەوڵەکان سەردانی عێراق دەکات".

ئۆغڵو وتیشی" سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق تەنها لە بەغداد سنوردار نابێت، بەڵام ڕەنگە سەردانی هەولێریش بکات". 

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە تورکییە دەشڵێت" رەنگە سەردانەکە کردنەوەی چەند فایلێک لە خۆبگرێت جگە لە هەماهەنگی هەواڵگری، لەوانە مەلەفی سوریا و ڕێڕەوی گەشەپێدان، هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کراون لە دوایین سەردانی فیدان". 

هەروەها میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" بڕیارە سبەینێ یەکشەممە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق بکات، ئەمەش لە دووەم سەردانەکەیدا دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، دوای یەکەم سەردانی لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا دێت". 

فیدان بەشێک بوو لەو شاندەی کە یاوەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بوو لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و پاشان هەولێر لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، لە سەردانەکەدا شاهیدی واژووکردنی ٢٧ ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن بوو لە بوارە جیاجیاکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کە دیارترینیان ڕێککەوتنی ئاو بوو. 



PM:01:53:25/01/2025