سەرۆك كۆماری عێراق لە میانی دیداری لەگەل وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند"عێراق هەر دەستێوەردانێک کاریگەری لەسەر خاکەکەی هەبێت رەت دەکاتەوە و پێویستە ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەربەخۆیی عێراق بگیرێت"، وتیشی پێویستە هەموو ڕەوت و لایەنەکان لە حکومەتی داهاتووی سوریا لە دەسەڵاتدا بەشدار بن.
لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ ی کانوونی دووەم لە کۆشکی بەغدا پێشوازی کرد لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی هاوڕێی، کە تیایدا فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی دیدارەکە بوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لەکۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک، کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاریکاری لەبوارە جیاجیاکاندا باسکرا و سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق هەر دەستێوەردانێک کاریگەری لەسەر خاکەکەی هەبێت رەت دەکاتەوەو پێویستە ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەربەخۆیی عێراق بگرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پابەندبوونی هەردوو وڵات کرد بەوەی، کە "هیچ کامیان سەکۆی بازدان نین بۆ هەڕەشە کردن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوی تریان" و ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
سەرۆك كۆماری عێراق هیوای خواست ئیدارەی نوێ لە سووریا کار بکات بۆ پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەدی بهێنێت و پارێزگارییان لێ بکات و مافەکانیان بۆ بەشداری سیاسی بپارێزێت بەشێوەیەک، کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بۆ برایانی سووریا بەدی بهێنێت.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی حکومەتەکەی بۆ سەقامگیری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەربەخۆیی و گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی کرد، کە عێراق و سووریا و ئوردن و تورکیا لەخۆبگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و لەناوبردنی خاڵە گەرمەکانیان و وشککردنی سەرچاوەی دارایییان بەشێوەیەک، کە سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش لە دیداری نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوایین پێشهاتەکانی سوریا، غەززە و لوبنان، و یەکخستنی هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری لە ناوچەکە تاوتوێکرا و هەروەها جەختکراوە لە جێبەجێکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.