ئەمڕۆ پێنج شەممە بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری پەرلەمانی بۆ دانیشتنی هەفتەی داهاتوو بڵاوکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەدرێت.
بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٥ دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچیت.
بەپێی بەرنامەی کار، یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکە دەنگدانە بە هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵانی (٢٠٢٣ - ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥).
هەروەها لە دانیشتنەکەدا دەنگدان لەسەر پێشنیاری هەموارکردنی یەکەمی یاساکە لەسەر بنەمای هاوتابوونی بڕوانامە و بڕوانامەی عەرەبی و بیانی لەخۆدەگرێت.
دوا بڕگەی بەرنامەی کار بریتییە لە ڕاپۆرت و گفتوگۆی خوێندنەوەی دووەمی یاسای پێشنیارکراوی خوێندنی باڵای ئەهلی.
بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی بەشێک لەلایەنەکان و تەواونەبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.