بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ مەشهەدانی سەردانی ئێران دەکات

مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێدەکەوێت و چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێدەکات. 

ئەمشەو میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" ڕۆژی یەکشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٥مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی پەرلەمانی سەردانی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات".

ئاماژە بەوەشدەکەن، لەو سەردانەدا شاندێکی پەرلەمانی عێراق یاوەری مەشهەدانی دەکەن کە شایەتحاڵی گفتوگۆی کۆمەڵێک فایلی گرنگ دەبێت کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاوبەشن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو محەمەد کازم سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بانگهێشتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مەحمود مەشهەدانی کرد بۆ تاران و دواتر بەڵێنیدا کە ئەو بانگهێشتە قبوڵ بکات.

هەروەها مەشهەدانی لە میانەی پێشوازیکردنی لە سادق، جەختی لە پێویستی هاوکاری پەرلەمانی عێراق لە فایلە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ بکات.



AM:12:10:02/02/2025