دوێنێ دووشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نووسینگەی هادی عامری کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسایی بودجەیان بەرزنرخاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی بەشی ڕاگەیاندنی چوارچێوەکەدا هاتووە" لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی عێراق و نێودەوڵەتی کرا".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی ئەدای ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی بەرز نرخاند، هەروەها دەستخۆشی لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت لە ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی کرد.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی لە دیدارەکەدا، پێشوازی لەو سەقامگیرییە کرد کە لە ئێستادا ناوچەکەی پێداتێدەپەڕێت و بە گرنگی ناودەبات و داوا دەکات هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕتربکرێنەوە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی جەنگ و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان.