دادگای فیدراڵی سێ یاسای گرنگی پەرلەمانی ڕەتکردەوە

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی هەریەك لە یاساکانی گەڕاندنەوەی موڵك و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی، دەشڵێت: دەیانەوێت بزانن یاساکان لەگەڵ دەستور دەگونجێن یاخود نا.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە نوسراوێكدا بڕیاریدا بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی هەریەك لە یاساکانی گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەکانییان کە پەیوەستە بە هەندێك لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، و یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی.

بە گوێرەی نوسراوەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، ئامانج لە ڕاگرتنی هەریەك لەو یاسایانەی کە ڕۆژی ٢١ی مانگی ڕابردو لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراون، بەراوردکردن و دڵنیابونەوەیە لە گونجاوێتیان لەگەڵ دەستوری عێراق.

هاوکات، لە نوسراوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا هاتووە، دادگا فەرمانێكی وەلائی دەرکردوە بۆ ڕاگرتنی ئەو یاسایانە بە شێوەیەکی کاتی. 

ئەوە لە کاتێكدایە، ڕۆژی ٢١ی مانگی ڕابردو، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا، کە یاساکە تایبەتە بە سنوری پارێزگاى کەرکوک و ناوچەکانى ماددەى ١٤٠ و لەلایەن عەرەبە هاوردەكراوەكانەوە زەوی و موڵكی كورد و توركمان داگیر كراون.



PM:05:05:04/02/2025