وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت" لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سکاڵای یاساییمان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکردووە".
هاوڕێ تۆفیق وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بەرامبەر هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو باردۆخە ناهەموارەی مامۆستایان و کەسوکاری شەهیدان و خانەنشین و ئاسایش و پۆلیس و چین و توێژەکانی دیکە کە ڕووبەڕوی قەیرانێکی دارایی قوڵی کێشەی مووچە بوونەتەوە، سكاڵای یاسایی لە دژی هەریەک لە مەحمود مەشهەدانی و محەمەد شیاع سودانی و تەیف سامی تۆماركردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک کۆماری عێراق لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە دەستبەجێ فەرمان دەربكات بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی رابردووی موچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی پابەند بكرێت بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی داهاتووی هەرێم.
هەروەها هاوڕێ تۆفیق ڕاشیگەیاند" پێویستە دادگای فیدراڵی ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكات بە هەمواركردنی بڕگەی ١٢ لە بڕگەی "ج"ی یاسای بودجەی گشتی، بۆئەوەی حكومەتی هەرێم بتوانێت پابەندبونەكانی جێبەجێ بكات لەپێناو گرەنتیكردنی بەشداریكردنی هەرێم لە تەمویلكردنی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بە داهاتە نەوتییەكانی".