وەزارەتی ناوخۆی عێراق: مافی مانەوە بە ئەفسەرانی سوپای سووریا نەدراوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیکردەوە مافی مانەوەی بە ئەفسەر و سەرکردەکانی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد دابێت.
 
ئەم رەتکردنەوەیە لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا هات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە بەوەی، حکومەتی عێراق مافی مانەوەی کاتیی بە دەیان ئەفسەری سوپای سووریا داوە.
 
عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی شوبات بە میدیاکانی راگەیاند، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و وەزارەتەکەیان ئەو مافەی بە هیچ ئەفسەرێکی سوپای پێشووی سووریا نەداوە.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، نزیکەی دوو هەزار سەرباز و ئەفسەری سوپای سووریا لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە هاتنە نێو عێراق و لە کەمپێکدا لە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
 
کەمپەکە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مورەسەنات کە ٧٠ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای روتبە و چوارڕیانی ترێبڵ و تەنەفەوە دوورە.
 
لای خۆشییەوە عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە ڕایگەیاند، هیچ سەربازێکی سووری لەو کەمپەدا نەماوەتەوە و هەموویان گەڕاونەتەوە سووریا، جگە لە ١٥٠ کەس کە ڕەوانەی بەغدا کراون.




AM:10:55:12/02/2025