عێراق هاوردەی غاز لە ئێرانەوە رادەگرێت

کۆمپانیای غازی باشوور هەوڵدەدات تا لە رێگەی بۆرییەوە غاز هاوردەی عێراق بکات و هاوردەی غاز لە ئێرانەوە رابگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی شوبات حەمزە عەبدولباقی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باشوور کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پلانیان هەیە بۆ دامەزراندنی سەکۆیەکی نوێ بۆ هاوردەکردنی غاز و گەیاندنی بە وێستگەکانی بەرهەمهێانی کارەبا، ئەویش هاوردەکردنی غازە لە رێگەی بۆرییەوە.

حەمزە عەبدولباقی باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکە کاتێکی کەمتری دەوێت بۆ هاوردەکردنی غاز و هەروەها لە رێگەی تۆڕێکی بۆرییەوە بە درێژایی ٤٠کیلۆمەتر ئەنجام دەدرێت. وتیشی، " دانوستانیان لەگەڵ کۆمپانیان نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ هاوردەکردنی غازی شل ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی کڕینی غازمان لەسەر کەمترببێتەوە و لە بەرامبەرەدا داهاتی ژێرخانی بەرهەمی نەوتی زیادبکات". 

ئەوەشی خستە روو، ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی غازی ئێران کە لە ئێستادا هاوردەکردنی بۆ عێراق راگیراوە و بەم رێگەیە عێراق دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی پڕبکاتەوە.

پێشتریش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پلانیاندایە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی بە هاوردەکردنی غاز و سووتەمەنی و رۆن بهێنن لە ئێرانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێککەوتنیکیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامداوە.




AM:11:19:13/02/2025