بە هۆی نیگەرانییەکانی عێراق لە دۆخی ئەمنی سوریا بەردەوامە لە دانانی دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنوری هاوبەشی دو ولات شارەزایانی ئەمنیش دەڵێن، دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان دو ولات ئاسایی بێتەوە.
نیگەرانییەکانی ئەمنی عێراق لە دۆخی سوریا بووەتە هۆی ئەوەی حکومەت بەردەوام بێت لە دانانی دیواری کۆنکرێتی بە درێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر ، هەڵکەندنی خەندەق و دانانی کامێرای چاودێری لەنێوان ناوچەی تریفاوی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە سنوورە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ سووریا لە باکووری ڕووباری فورات.
ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە ئەوەیە، ماوەی ٦٠ ڕۆژە، حکوومەتی عێراق مەرزی سنووری بەڕووی گواستنەوەی کاڵا و پێداویستەکان و هاتنەوەوەی گەشتیاران داخستووە، لەسەر ئەم پرسە شارەزایانی سیاسی بەپێویستی دەزانن، پەیوەندی ئابووری لەنێوان هەردوو وڵات ئاسایی ببێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە شارەزایان ڕایان وایە، دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنوورەکان، هاریکاری لەنێوان هەردوو وڵات سنووردار دەکات.
لای خۆیەوە باس جەمیلی، شارەزای سیاسی دەڵێت"داوا دەکەین حکوومەتی عێراق دەرگای هاریکاری بەڕووی حکوومەتی سووریا بکاتەوە، ڕێز لەو بژاردەیەی گەلی سووریا بگرێت لەوەی کێ نوێنەرایتیان دەکات و دەبێتە حکوومڕان لەو وڵاتە، بۆیە پێویستە پەیوەندیی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات دەستپێبکاتەوە بەو پێیەی هیچ مەودایەی سیاسی جوگرافی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە نییە، دواجار ئیرادەی گەل بریتیە لە یاسا و دەستوور".