جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا، کۆبونەوە و جەختیان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و ئەنجامدانی کاری هاوبەشی لە نێوان هەردولا کردوە.
لە پەراوێزی بەڕێوەچونی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی سوریا لە پاریس، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کۆبوەوە.
لەلای خۆیەوە، فوئاد حسێن، جەختی لە بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و عێراق کردەوە و ئاماژەشی بە پێشهاتە ئەمنییەکان و بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاوبونەوەی داعش و چالاکییەکانییان لەسەر سنورەکانی سوریا کردوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختیشی لەسەر پێویستی و گرنگیی داڕشتنی پلانێك بۆ ئەنجامدانی کردەوەی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە بە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان کردوەتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی فەڕەنسا، پاڵپشتیی وڵاتەکەى بۆ عێراق و سەقامگیرییەکەی دوپات کردوەتەوە، جەختیشی لەسەر گرنگیی بەردەوامی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە..