فوئاد حسێن: ئەحمەد شەرعم بانگهێشت كردووە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند'' سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ لوتكەی عەرەبی لە مانگی ئازاری داهاتوودا و هەموو سەركردەكانی عەرەب بانگهێشت دەكەین بۆ لوتكەی عەرەبی، بە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سووریاشەوە".

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (France 24)ی فەڕەنسی ڕایگەیاند" عێراق هیچ مەرجێكی نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، بەڵام هەندێك ڕوانگەی تایبەت بە خۆمان هەیە سەبارەت بە ئایندەی سووریا".

وتیشی" وەزیری دەرەوەی سووریام بانگهێشت كردووە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات و بەمزووانە سەردانی عێراق دەكات و سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ لوتكەی عەرەب (لە مانگی ئازاری داهاتوودا)، لوتكەكە جیاواز دەبێت بەوپێیەی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و لەبارودۆخێكی جیاوازیشدا بەنیسبەت وڵاتانی عەرەبییەوە بەڕێوەدەچێت".

ئاشكراشی كرد، هەموو سەركردەكانی عەرەب بانگهێشت دەكەین بۆ لوتكەی عەرەبی، بە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سووریاشەوە، بانگهێشتی بەشداریكردن لە لوتكەكە بۆ هەمووان دەڕوات، ئەوەی بەشداری دەكات یاخود نایكات بڕیارەكە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە.


فوئاد حسێن دەشڵێت" دەست بە گفتوگۆ دەكەین لەگەڵ لایەنی ئەمریكیدا، بیرۆكەیەكمان پیشنیار كردووە بۆ ئەوەی دیالۆگی ستراتیژی لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت، تائێستا وادەی گفتوگۆكە دیاری نەكراوە، بەڵام ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا و چاودێری سیاسەتی نوێی ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەكەین".



PM:05:09:14/02/2025