وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات کە هیچ گۆڕانکارییەک له کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵه تی لەعێراق روینەداوە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح) راگەیاندووە" هیچ گۆڕانکارییەک له کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵه تی لەعێراق روینەداوە، ئەو کاتانەی کە لە لایەن لیژنەی باڵای سەربازییەوە لە نێوان عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەری رێککەوتون تا ئێستا نەگۆڕاوە".
سەبارەت بە رووداوەکانی سوریا وتەبێژەکەی عێراق دەڵێت" عێراق و حکومەتەکەی چالاک بوون لە گرنگیدان بە واقیعی نوێی سوریا و بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاریكاریكردن".
عەوادی ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە کە دەستوەردان لە کاروباری سوریا نەکات و ئەوەی هاوکێشەی نوێی سوریا بەرهەمی دەهێنێت قبوڵ بکات.
مانگی ئەیلوولی ڕابردوو عێراق و هاوپەیمانان ڕێککەوتن کە تا کۆتایی ٢٠٢٥ ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆتاییان بێت و دواتر پەیوەندییەکان بگۆڕێن بۆ هاریکاریی ئەمنی.