دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری دەستی بە پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی شوبات کردووە".
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ، بەپێی ئەو ڕێکارە داراییەی پەسەندکراو و تەرخانکردنانەی کە لە یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دارایی عێراق داوا لە یەکەکانی خەرجکردن دەکات لە وەزارەت و قایمقامیەت و قەوارەکانی سەر بە وەزارەتی نوێنەرە ڕێگەپێدراوەکانیان بنێرن بۆ تەواوکردنی مەرجەکانی دارایی مووچە لە سبەی چوارشەممەوە دەستپێدەکات، هاوکات جەخت لەسەر پابەندبوون بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەی پەسەندکراو و جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان دەکاتەوە.
هەروەها هاتووە" لەم چوارچێوەیەدا وەزارەت پابەندبوونی تەواوەتی خۆی دووپاتدەکاتەوە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراو، بەبێ هیچ دواکەوتن و کەمی بودجە".
هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەکەدا بە توندی ڕەتیدەکاتەوە بوونی هەر کورتهێنانێکی دارایی کە کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی مووچە هەبێت، و بەردەوامە لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری سیاسەتی دارایی و دابینکردنی باج بەپێی پلانە پەسەندکراوەکان.