پەرلەمانتارێكی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایدەگەیەنێت" ڕێگە نادەین محەمەد جۆلانی یان نوێنەرەكەی لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا ئامادە بێت".
عەلی توركی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سادقون كە سەر بە باڵی سیاسی (عەسائیبی ئەهلی حەق)ە، لە لێدوانێکدا قسەی بۆ كەناڵی (العهد) کردووە و دەڵێت" ئەگەر محەمەد جۆلانی سەرۆکی کاتی سوریا بانگهێشتی بەغداد بكرێت، پرسیارێكی پەرلەمانی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین، چونكە نابێت حكومەتی عێراق بانگهێشتی بكوژێك بكات".
وتیشی" ڕێگە نادەین جۆلانی یان نوێنەرەكەی لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا ئامادە بێت".
عەلی تورکی دەشڵێت" بوونی پەیوەندی لەگەڵ سووریا لە سەردەمی جۆلانیدا بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین و ڕەتی دەکەینەوە".
پێشتر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، بانگێشتنامەیەک ئاراستەی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و محەمەد جۆلانی کراوە، بۆ بەشداریکردنیان لە لوتکەی کۆماری عەرەبی کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە بەغداد بەڕێوەبچێت.