محەمەد شیاع سودانی، رایگەیاند "عێراقمان رزگاركرد لە لێكەوتەكانی وابەستەبون بەو هەنگاوانەی كە بەرژەوەندی و ئیرادەی گەلەكەمانیان لەبەرچاو نەگرتبو"، وتیشی" لەڕێگەی گفتوگۆیەكی بەرپرسیارانەوە، كۆتاییمان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش هێنا".
محەمەد شیاع سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوبات لە میانی بەشداری لە كۆنفراسی دیالۆگی بەغدا ڕایگەیاند"هەمو كات دەرفەت لەبەردەم دیالۆگی نیشتمانیدا هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم دۆسیە و بابەتەكان، ئەوەش ئەو رێگەیە بوە كە عێراق لە سیاسەتی دەرەوەدا گرتویەتییە بەر ".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، عێراق پابەندبوە بە هاوسەنگی هێزەكانەوەو خواستی نەبوە بۆ چونە نێو هیچ جەمسەرگیرییەك و كاری كردوە لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی هەوڵیان داوە بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی جەنگ.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە لەوەی، عێراق هەڵوێستی خۆی بەرامبەر پرسە دیارەكانی ناوچەكە لە پێش هەموشیانەوە دۆزی فەلەستین پاراستوە.
سودانی ئەوەشی خستەڕو"پابەندبوین بە سیاسەتی هاوسەنگییەوە، روبەڕوی زۆر موزایەدە و پێشنیاری ناواقیعی و خاڵی لە دوربینی و بەرپرسیارێتی بوینەوە، كارمان كرد لەسەر پشتیوانیكردنی هاوسەنگییەكی ورد بۆ رزگاركردنی عێراق لە لێكەوتەكانی وابەستەبون بەو هەنگاوانەی كە بەرژەوەندی و ئیرادەی گەلەكەمانیان لەبەرچاو نەگرتبو."
سودانی جەختیشی كردەوە، لەڕێگەی گفتوگۆیەكی بەرپرسیارانەوە، كۆتاییمان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش هێنا و پەیوەندییەكەمان لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانییەكە گواستەوە بۆ پەیوەندیی دوقۆڵی و هەماهەنگی ئەمنی.