"پێویستە لە کاتی راگەیاندنی پشوو هۆکارێکی گرنگ و راستەقینە هەبێت"

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو هۆشداری بە پارێزگاکان دەدات و دەڵێت" پێویستە هۆکارێکی گرنگ و راستەقینە هەبێت بۆ ڕاگەیاندنی پشوو". 

ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند" سودانی ڕێنمایی پارێزگارەکانی کردووە، هۆکاری ڕاستەقینە و ڕەوا بۆ ڕاگرتنی دەوامی فەرمی بەگشتی و لە کاتی نالەباری بارودۆخی کەشوهەوا و بەتایبەتیش ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان بخەنەڕوو". 

جەختیشیکردەوە لەسەر ڕەچاوکردنی دابینکردنی کاتێکی پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکان بۆ ساڵی خوێندن. 

بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هەشت پارێزگار لە نێویاندا بەغدای پایتەخت دەوامی فەرمییان ڕاگرت، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرسەی ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵای لوبنان کە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، لەگەڵ نالەباری کەشوهەوا کە وڵاتەکەی گرتەوە، بەشێک لە پارێزگاکانیش دەوامی فەرمییان ڕاگرت. 



AM:11:48:25/02/2025