ئەمڕۆ پێنج شەممە دەزگای شەهیدانی عێراق هەڵدانەوەی پێنج گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی سەردەمی چەکدارانی داعش لە پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند.
دەزگاکە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە" تیمی تەکنیکی تایبەتمەند لە بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان و بەشی پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی ڕێکارەکانی هەڵدانەوەی پێنج شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵیان لە پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال و قەزای باج تەواوکرد".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" گۆڕێک لە گەڕەکی ئازادی، دوو گۆڕ لە گەڕەکی ئەلنەسر، حەوت گۆڕ لە زۆمانی، یەک گۆڕ لە گەڕەکی ئەلبەساتین ئەلسیناعە، دوو گۆڕ لە ئەلقەحتانیە کرایەوە، بەمەش ژمارەی گۆڕە کراوەکان گەیشتە ١٣ گۆڕی قوربانییەکان کە لە دەرەوەی یاسا لەلایەن باندە تیرۆریستەکانی داعشەوە کوژراون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکانی هەڵکەندن و کردنەوەی گۆڕەکە بە پشتیوانی و بەشداری کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی ونبوو (ICMP) ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی ڕێکارە یاسایی و تەکنیکیەکان، سەرجەم ئەو پاشماوەیانەی لە شوێنە کراوەکان دەرهێنراون، ڕادەستی بەشی پزیشکی دادوەری کران، بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی و وەرگرتنی نمونەی ئێسکیان لێیان، و دواتر هاوتاکردنی لەگەڵ نمونەی خوێن وەک ئامادەکارییەک بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان و دواتر گەڕاندنەوەیان بۆ خێزانەکانیان.