وەزیری ناوخۆی عێراق چەند ڕێنماییەكی بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بڵاوكردەوە، دەڵێت هەركەسێك سەرپێچیی بكات، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ داوا لە هەمو لایەك دەكات، رێز لە تایبەتمەندی و پیرۆزیی مانگی ڕەمەزان بگرن، دەرفەتەكە بقۆزنەوە بۆ بەرزنرخاندنی بەهای ڕۆژو و پاراستنی پیرۆزییەكەی.
وەزیری ناوخۆی عێراق، دەشڵێت"قەدەغەیە ڕۆژو شكاندن بەئاشكرا لە ڕۆژدا دەربخرێت، بەهۆی ئەوەی هەستی ئەو كەسانە ئازاردەدات کە بە ڕۆژوبون، تەنانەت ئەگەر ئەو كارە لەلایەن ناموسڵمانەكانیشەوە ئەنجامبدرێت بەئاشكرا خواردن بخۆن ڕیپێدراو نییە".
وەزیری ناوخۆی عێراق باس لەوەشدەكات، فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان بە هەمو جۆرەكانیانەوە قەدەغەیە و ئەو دوكانانەشی دەیفرۆشن دادەخرێن، جگە لەوانەی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار بەشێوەیەكی یاسایی ڕێگەیان پێدراوە لەئێوارەوە تا نوێژی بەیانی بەردەوام بن لە كارەكانیان.