وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشوازى لە بانگەوازەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات و رایگەیاند" ئەو هەنگاوە ئەرێنی و گرنگە بۆ هێنانەکایەى سەقامگیریى لە ناوچەکەدا".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەو دەستپێشخەرییەی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک، هەنگاوێکى زۆر گرنگە بۆ پتەوکردنى ئاسایش نەک تەنیا لە عێراق کە چەکدارانى پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان و چەند ناوچەیەکى دیکەن، بەڵکو بۆ سەرانسەرى ناوچەکەش گرنگە".
جەختیکردەوە چارەسەرى سیاسی و دیالۆگ دو باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکان کە لە بەرژەوەندیى هەمو لایەنەکان بێت و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە بەهێز بکات.
وەزارەتەکە پاڵپشتیی خۆى بۆ هەمو هەوڵەکان دەربڕى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و هیواى خواست کە ئەو داوایەى ئۆجەلان بکرێتە هەنگاوى کرداریی و خێرا بۆ ئەوەى پەکەکە چەک دابنێت.